٢٧ شوبات ٢٠١٩ - ١٩:٢٠
داعش 50 کچى ئێزیدى سەربڕى

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆنامەوانیدا، لوقمان گولی، وتەبێژی هۆزە کوردییەکانی شەنگال ئاشکرایکرد داعش 50 کچى ئێزیدى سەربڕیوە.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، لوقمان گولى راگەیەندراوى هۆزە کوردییەکانى شەنگالى خوێندەوە و رایگەیاند، لە چەند رۆژى رابردوودا لە ناوچەی باغۆز لە سوریا، چەکدارانی داعش چەند تاوانێکیان ئەنجامداوە، کە ئەویش سەربڕینی 50 کچی ئێزدییە، کە لەساڵی 2014ـەوە بە دیلی لای ئەوانن.

لوقمان گولى، "داواى لە هێزەکانی هاوپەیمانان و لەسەروشیانەوە ئەمریکا و هەموو ئەو هێزانە کرد، کە لەو ناوچەیە لەژێر سەرپەرشتی هاوپەیمانان شەڕی داعش دەکەن، چارەنووسی ستەملێکراوان ئاشکرابکەن و بەخێرایی دیلەکان بگەڕێننەوە".

وتیشى"داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی لەئەستۆبگرێت، بۆ گەڕان بەدوای ئەو کچە ئێزدییانە و گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدان یان روفاتەکانیان لەڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتە پەیوەندیدارەکان".
داوا دەکەین لە چارەنووسی بێسەروشوێنان بکۆڵنەوە کە تاوەکو ئێستا بەدیلگیراون لەلای داعش

وتەبیێژى هۆزە کوردییەکانى شەنگال وتیشى:"داوا لە سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بە دیاریکراویش ئەنجومەنی ئاسایش و هاوکات نێردە و کۆنسوڵخانەکان دەکەین لە عێراق و سوریا لە چارەنووسی بێسەروشوێنان بکۆڵنەوە کە تاوەکو ئێستا بەدیلگیراون لەلای داعش.

لەبارەى سزادانى چەکدارانى داعش، گولى وتى: "داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو تاوانبارانە جێبەجێبکەن کە لە گرتووخانەکاندان".